شه‌شی ئه‌یلول

ھەزار و نۆسەد و سی بوو، شەشی ئەیلوول کە ڕۆژ ھەڵھات:
غریوی ویستنی حەق کەوتە ناو شاری سلێمانی؛
«ھەڵۆبەگ» ئەو جوانەی پڕ دڵی بوو بۆ وەتەن ئاوات،
لە پێش جەمعێکەوە تا بەرسەرا ڕووی ھەڵمەتی ھانی.


لەگەڵ یارانی ئەیوت: «ئەی حوکوومەت! تا نەکەی تەسبیت
حوقووقی کوردەواری، نایەوێ کورد نینتیخاباتت؛
ئەوانەی بانگ کران و تۆ بە قووەت دەوریان ئەگریت:
دەنی و قازانج پەرستن، ھیچ نەبێ پێیان موبالاتت!


ئەوانە کەی لە میللەت بوون ھەتا تەمسیلی ڕەئیی کەن؟»
حوکوومەت! ئێمە کوردین، وا ئەڵێین: «نامانەوێ نوواب
کە داوێنی غەرەز بگرن بە ھەردوو دەست، وەتەن بەردەن!
نەکەی، مەشرووع نییە، دەرکە لە سەر سەودایی ئینتیخاب…»


ئەمە جوملەی قسە و ئامالی یارانی ھەڵۆبەگ بوو،
نە نامەشرووعیی تیا بوو، نە تەجاوز بوو بە ئەمنییەت…
کەچی عەسکەر بە مەترالیۆزەوە بۆ قەتڵی عام دەرچوو؛
درایە بەر شەقەی شەستیر ڕجا و ئامالی میللییەت!


شەقەی شەستیر و قرچەی دەستڕێژ و ھەڵمەتی سونگی
بە خوێنی کوردی بێ تاوان شەپۆلی خستە سەر جادە:
نەما جوانێ کە سونگی نەیسمیبێ سەد کەڕەت سنگی،
نەما پیرێ لە ڕیزی گوللە بووبێ قەلبی ئازادە!


ھەڵۆبەگ گوللەیی ئەووەڵ لە ڕانی دا، دووەم دەستی:
کە خۆی و قەومەکەی وا دی، بە چەشنی شێر نرکانی،
پەلاماری کە دا بۆ زابتێ: یەک زللە خپ خستی،
دەمانچەی سەنگ لە دەستی و ئاگری دا تا وەکوو توانی…


بەڵام فیشەک نەما، ھەر زابت و یەک دوو نەفەر کەوتن…
لەپاشا عەسکەریش دەستڕێژی لێ کرد و بە لادا ھات؛
لەسەر دەریایی خوێن بوو کەشتییی عومری بەرەو مردن
ئەچوو، ئەیوت: خواحافیز، ئەوا ئەمرم وەتەن، ھەیھات!


لە باوەشتا پشووی عومرم نەدی تاوێ بە سەربەستی،
ھەتا مردن زڕەی زنجیری دیلی بوو لە گەردنما،
ژیانم عار و زیللەت بوو لە ژێر پێڵاوی دوشمنما،
بە خوێن بێ و گڵ ھەڵیلووشێ، کەوابێ، ھەیکەلی ھەستی!…


خواکەی بولبولی باغی سەرا! ھەرچەندە پاییزە،
بە خوێنی خۆم گوڵت بۆ ئاو ئەدەم، سا بۆم بلاوێنە!
لەگەڵ ئەو جوانە پاکانەی لە دەورم مەیتیان ڕیزە
لە خوێنا وێنەشێواوین، بە دایکمان بناسێنە!


بڵێ بەو بووکی تازەی یەک شەوەم گەر ھاتە سەر نەعشم،
نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا
وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم:
کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا!
ئەگەر خوای گەورە بەخشیی پێت ھەتیوێ، پێی بڵێ: ڕۆڵە
لە من فرمێسکی ویست باوکت، لە توش داوا ئەکا تۆڵە!

وەڵامێک بنووسە